سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەكشەممە 18/10/2015 لە تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڕێز "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەڕێز "عەلی لاریجانی" سەرۆكی پەرلەمانی ئێرانەوە پێشوازی لێ كرا.
لە دیدارێكدا سەرەتا بەڕێز "عەلی لاریجانی" خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی بەڕێز "نێچیرڤان بارزانی" دەربڕی. دواتر باسی لە بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد و ئاماژەی بەوە دا نابێت ڕێگا بدرێت ئاژاوە و ناكۆكی لە هەرێمی كوردستان دروست ببێت كە ناوچەیەكی ئارامە و دەبێت هەوڵ بدرێت بە گفتوگۆ و دیالۆگ كێشەكان چارەسەر بكرێن و ئەولەویەتی كارەكان ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی تیرۆر و كێشە داراییەكان بێت.
جەختی لەوەش كردەوە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو كاتەكاندا پاڵپشت و هاوكاری هەرێمی كوردستان بووە و لەو هاوكارییەشی بەردەوام دەبێت. لە بەشێكی دیكەی قەسەكانیدا باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدرال كرد و هیوای خواست كێشەكانی نێوان هەردوولا بە گفتوگۆ و لێكگەیشتن چارەسەر بكرێن.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو پێشوازییەی كرد و هاوكارییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیشی بۆ هەرێم بەرز نرخاند. دووپاتیشی كردەوە ئەو هەنگاوانەی ئەم دواییە هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێم ناویانە، بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخی هەرێم بووە و گفتوگۆ و دیالۆگیش لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەر كردنی گرفتەكانی ناوخۆ.
بەڕێزیان هەروەها دووپاتی كردەوە كە هەوڵ و تەقەلاكان بۆ لەناوبردنی مەترسیی داعش بەردەوامن. جەختی لەوەش كردەوە كە هەرێمی كوردستان بایەخێكی زۆر بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران دەدات و هیوای بەهێزتركردنی پەیوەندییەكانی خواست. دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداش جەختی لەوە كردەوە كە هەوڵەكان بەردەوام دەبن بۆئەوەی بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ كێشانەكانی نێوان هەردوولا چارەسەر بكرێن.
دکتۆر "بەرھەم ساڵح" جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ دکتۆر "عەلی لاریجانی" سەرۆکی پەڕڵەمان و دکتۆر "حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاھیان" جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبۆەوە.
دکتۆر "بەرھەم ساڵح" جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بانگھێشت کرابوو، بە سەردانێک گەیشتە تارانی پێتەختی ئێران و لە لایەن دکتۆر "عەلی لاریجانی" سەرۆکی پەڕڵەمانی ئێران و ھەروەھا دکتۆر "حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاھیان" جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاروباری وڵاتانی عەڕەبی و ئەفریقا پێشوازیی لێکرا و لە کۆبوونەوەکاندا مەسەلەکانی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە خرانە بەرباس و ئاخاوتنەوە.
لەم دیدارانەدا کە "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، "ئومێد کەریمیان" نوێنەری شاری مەریوان لە پەڕڵەمانی ئێران، دکتۆر "حوسێن شێخولئیسلام" راوێژکاری سەرۆکی پەڕڵەمانی ئێران لە کارووباری نێودەوڵەتی و چەندین کەسایەتیی دیکە تیایدا ئامادەبوون، باسی باروودۆخی عێراق و ناوچەکە کرا و ھەروەھا داھاتووی ناوچەکە دوای شەڕی داعیش و ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھاتوونەتە پێشێی.
ھەر وەکوو لە رابردوودا سەرکردە سیاسییەکانی کورد لە کاتیی پێویستدا و لەسەر بانگھێشت، سەردانی وڵاتانی ناوچەکە و جیھانیان کردووە، سەردانی سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم قۆناغەی ئێستادا بۆ وڵاتی ئێران گرینگیی تایبەت بە خۆی ھەیە و شارەزایی لە بواریی لێکدانەوە و ھەڵسەنگاندن و بیرکردنەوە لە ئایندەی کێشەکانی ناوچەکە و بەتایبەتی لە عێراقدا کە داعیش روو لە لاوازییە و بەڵام لە ھەمان کاتیشدا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەدا کێشەکان روو لە گەرمییە. ھەر بۆ دانووستان لە باروودۆخی ئێستاکە و بیرکردنەوە لە داھاتوو و راوێژکردن لەگەڵ کەسانیی وەکوو دکتۆر "بەرھەم ساڵح" رۆڵ و کاریگەریی خۆی دەبێت.
دکتۆر "بەرھەم ساڵح" بە ھۆی کەمیی کات، تارانی پێتەختی ئێران بەجێھێشت و بە خێرایی گەڕایەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و دیدارەکانی دیکەی بۆ ئەنجامنەدرا.
ئەمڕۆ هەینی 26ـی 12ـی 2014 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە عەلی لاریجانی سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك نوێنەر و ئەندام و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران و مورتەزا عەبادی كونسوڵی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر و، لەگەڵیان كۆبۆوە.